دەنگوباس
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، TBI نەچووەتە ناو “هەژماری من” و دەبێت مووچەخۆران لە بانکە عێراقییەکان هەژماری بانکی بکەنەوە، دەڵێت “ئەگەر حکومەتی هەرێم لەم مانگەدا بەبانکیکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی نەکات، کێشە بۆ مووچەی مانگی ئایار دروست دەبێت”.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بە هەوڵی ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی و دڵنیایی کردنەوەمان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی نارد، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەم مانگەدا ڕێکارەکانی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە حکومییەکانی عێراق جێبەجێنەکات، کێشە بۆ مووچەی مانگی ئایار دروستدەبێت.
ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، هاوکات بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش ڕوونە.
سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکی TBI لە پڕۆژەی “هەژماری من” ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاشکرایکرد، پەتی درۆ کورتە و دەرکەوت بەهیچ شێوەیەک بانکی بازرگانی عێراقی TBI نەچووەتە ناو پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە، باشترە لەبری ئەم چەواشەکارییانە، حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بە بانکیکردنی مووچە.
هاوکات، حکومەتی هەرێم لەڕێگەی وتەبێژ و وەزارەتی داراییەوە ڕایگەیاندووە، کە بانکی بازرگانی عێراق TBI وەک حەوتەمین بانک بەشداری پرۆژەی “هەژماری من” ی کردووە، لە بەرامبەردا بانکی TBI بەشداریکردنی لە پڕۆژەکە ڕەتدەکاتەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، بەهیچ جۆرێک بەشداری پڕۆژەی “هەژماری من” مان نەکردووە و ناشیکەین.
#باشووری کوردستان